ئایین یەکێکە لە پێویستیەکانی ژیان

ئامادەکردنی : ئاکام ساڵحی 
بسم اللە الرحمن الرحیم
وەک چۆن مرۆڤی یەکەم پێویستی بە خواردن و خواردنەوە بوو ، هەروەها مۆڤی ئێستاش پێویستی پێیەتی ، مرۆڤی دوای هەزاران ساڵی تریش پێویستی پێ دەبێت ، وەک چۆن مرۆڤی یەکەم پێویستی بە بنچینەی رەوشت و مرۆڤایەتی و ئاشتی و ئازادی و بنچینەی ئایین و خۆشەویستی خواو پێغەمبەران و عیبادات و خوا پەرستی بوو ، مرۆڤی ئێستاش پێویستی بەم بنچینانە هەیە و مرۆڤی دوای هەزاران ساڵی تریش پێویستی پێیان دەسبێت . بەڵێ ، هەموو کۆمەڵ و گردبوونەوە و بزووتنەوەیەک لە مێژوودا بە جیاوازی پەیرەوی ئەو پێویستیانە و بنچینانەی ژیانیان کردووە بە دوو شێوە : ١_ چەندیەتی ٢_ چۆنیەتی بەڵام هیچ پەیرەو و بەرنامە و بزووتنەوە و جەمعێک نەبووە لە مێژوودا کە ئەوەندەی ئایینی (ئیسلام) بە (چەندایەتی)یەکی زۆر و بە (چۆنیەتی)یەکی تەواو و دروست بە تایبەتی لە سەردەمی زێرینیدا (واتە سەردەمی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم و چوار خەلیفە بەرێزەکان) کە دەگات بە ١٠٠/١٠٠ و پڕبە پێستی مرۆڤایەتی و پێویستیەکانی پەیرەویان کردووە ، بەگشتی ئایین خۆرسک و بنچینەی کۆمەڵگاکانە ، بە جیاوازی بیر و باوەریان بۆ دروستکەر و دروستکراوان و شەریعەت و یاساکان، هەروەها نزیکی و دوریان لە راستی و یەکتاپەرستی ، بەڵام هەر هەموو کۆمەڵگاکان دەبێ ملکەچی ئایین و یاسایەکی پیرۆز بن . هەرچەندە ئایین لە رۆژئاوا دوورخراوەتەوە لە ژیانی کۆمەڵگاکان و یاساکان لە ژێر سایەی سیکۆلاریزم و مارکسیەت دان ، بەڵام جار بە جار ئایین کاریگەری خۆی بەدیار دەخاتەوەو دێتە پێش ، وەک ئەوەی لە ئەمەریکا خەڵکەکە بەرەو کلیسەکان دێن و بەهەر شێوەیەک بێت ئەیابەوێت رۆحیان ئاسوودەبێت و کەمێک دوور بکەونەوە لە مادە پەرستی و جنس پەرستی ، هەڵبژاردنی (بۆش)ی کوڕیش یەکێک بوو لەو بەڵگەیە لەسەر ئەوە ، کە خۆی وتویەتی لەدایک بوونەوەی دووەمی من لە کلێسەی قەشە (ئارسەر بلیست) بووە لە ١٩٨٤ هۆی سەرکەوتنیشی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەنگدانی خەڵکێکی زۆری راسترەوی نەصرانی بوو بۆ ئەو. هەروەها کە ئیدارەکەی خۆشی پێکهێنا ئەو کەسانەی کە هەڵیبژاردن بۆ بەرپرسیارەتی گەورە هەموویان لە نەصرانیە توندرەوەکان بوون نووسەر و بیرمەندی ئەمریکی (پ.گلان) دەڵێ : دیارترین شت لە سەدەی بیستەم لە کۆمەڵگای ئەمریکی برێتیە لە بەرجەستە بوونی هەستی ئایینی ، کاریگەریەکی زۆریشی هەیە لەسەر رامیاری و رۆشەنبیری خەڵک . لە رۆژهەڵاتدا لەگەڵ ئەوەی پەستان و هەرەشەیەکی زۆر هەیە لەسەر ئایینی (ئیسلام) کە ئەگەر لەسەر هەر ئایینێکی تر هەبوایە ئەوە مۆمی تەمەنی دەکوژایەوە ! بەڵام هەستی ئایینی و گەرانەوە بەرەو شاڕیی ئیسلام بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە و هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی گرتۆتەوە، چ زۆر بوونی دیاردەی نوێژی بە کۆمەڵ و بەجێ هێنانی فەرمانە ئایینیەکان و زۆر بوونی حیجاب و باڵاپۆشی ، چ زۆر بوونی کۆمەڵە ئیسلامیەکان و رێکخراوە بانگخوازەکان و خێرخوازەکان و سەرکەوتن لە بەرەکانی جەنگ و رووبەروبوونەوەکان هەموو ئەو بەرەو پێشچوونانە بەڵگەی گرنگی و پێویستی ئایینمان بۆ دەردەخات بۆ رێکخستنی کۆمەڵگاو پاراستنی رەوشت و ئاکاری تاک و کۆمەڵ. کەواتە ئایین یەکێکە لە پێویستیە هەرە گرنگەکانی ژیان بەتایبەتی ئایینی ئیسلام چونکە وەک ئاماژەمان پێدا ئیسلام گونجاوە بۆ هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک و جێ بەجێ کردنی زۆر ئاساییە و گونگاوە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ . ئایین پێویستە چونکە دەبێ مۆڤەکان بزانن کە چ شتێک بۆ ئەوان قازانجی هەیە و چ شتێکیش زیانی هەیە ، وە زانینی ئەوەی کە خوای گەورە بۆچی دروستی کردووین و ئامانج لە ژیان چیە و دوارۆژمان بەرەو کوێیە و چەندین پرسیارگەلی تر کە وەڵامەکانیان لە ئایین (بە تایبەتی ئیسلام) دەست مرۆڤەکان دەکەوێت . ئایا جگە لە ئایین چ شتێک مرۆڤ ئاسوودە ئەکات ؟ جگە لە ئایین چ یاسایەک ژیانی مۆڤەکان رێک دەخات ؟ بۆ زانینی پێویستی ئایین بۆ کۆمەلگاو رێکخستنی ژیان ، ئەوە دەبێ تەماشای وڵاتە بێ دین و کۆمۆنیستەکان بکەین و بۆمان بەدیارکەوێت کە بێ دینی واتا بێ یاسایی ، واتا بێ ویژدانی ، واتا کوشتن ، واتا ستەمکردن ، واتا ژیان تەنها بۆ بەهێزەکانە !!

ليست هناك تعليقات: